07/10/2026
لە عێراق چی ڕوودەدات؟
بەغدا بۆچی پەنای بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار برد و کێ باجەکەی دەدات؟
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نوسراوێکی فەرمی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخی فەرمیی دۆلار لە (١٣٢٠) دینارەوە بۆ (١٥٢٠) دینار، شەپۆلێکی شڵەژان و نیگەرانی بازارەکانی ئاڵوگۆری دراوی لە تەواوی عێراقدا گرتەوە؛ بەجۆرێک لە بەشێک لە نوسینگەکانی هەولێر و شارەکانی دیکە، نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ سەروو ١٨٠ هەزار دینار بەرزبووەوە و بازاڕی شڵەژاند.
بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری ئەم بڕیارە، پێویستە سەیری لایەنی دارایی عێراق بکەین. بەپێی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، کۆی گشتیی داهات بە (١٧٤) تریلیۆن دینار دیاریکراوە، لە بەرامبەردا خەرجییەکان گەیشتوونەتە (٢١٧) تریلیۆن دینار. ئەم جیاوازییە گەورەیە کورتهێنانێکی زەبەلاحی بە بڕی (٤٣) تریلیۆن دینار دروستکردووە. لە بەردەم ئەم قەیرانە داراییەدا، بەغدا وەک چارەسەرێکی ناچاری پەنای بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار برد، بەو هیواکەی بتوانێت بەشێک لەو کورتهێنانە گەورەیە پڕبکاتەوە.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کێ باجی سەرەکیی ئەم بڕیارە دەدات؟
وەڵامەکە ڕوونە؛ گەورەترین زیانمەند و باجدەری ئەم سیاسەتە، "هاوڵاتییانی کەمدرامەت و مووچەخۆرانن". بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نرخی سەرجەم شتومەک، خۆراک، پێداویستییە سەرەتاییەکان و کرێی خزمەتگوزارییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. بەمەش باری قورسی گوزەران و خەرجییە خێزانییەکان لەسەر شانی هاوڵاتییان قورس تر دەبێت، لە کاتێکدا داهات و بژێوییان لە هەمان ئاستدا دەمێنێتەوە.