30/06/2026
گەورەبوون لەسەر حسابی خەڵک !
دەربارەی ئەو کەسایەتیانەی لە سۆشیاڵ میدیا ناویان هەیە و ( بەحساب خزمەت بە خەڵک ئەکەن )
لەماوەی ساڵ و نیوی کارکردنی سولی وۆرکز وەک دامەزراوەیەکی قازانج نەویست کە بەردەوام هەوڵمان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گەنجە، بە کۆرس و سیمینار و گەشتە بێبەرامبەرەکانمان ،
ماوەی ڕابردوو داوا لە چەند کەسایەتیەکی (بەناوبانگ) کرا کە بێنە پێشەوە و بە یەک دوو محازەرەش بێ خزمەت بە دوو گەنج بکەن و بەشێک بن لەم پرۆسەیەی کە گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گەنجان !
لەناویشیاندا ئەوکەسانەی بانگەشەی هاندانی گەنج و ڕێنیشاندەری بزنس و ڕاوێژکاری مارکێتینگ و فڵان و فیسار ...
کاردانەوەکان زۆر سەیر بوون بەلامەوە ، کاتێک کە بیستیان پرۆسەکە بێبەرامبەرە و ئامانجەکە گەنجە و نامانەوێت پارە وەرگرین تەنها کار لە مێشکیان بکەین ، هەر زوو زۆربەیان گەڕانە دواوە و بە بیانووی جیا جیا خۆیان بەدوور گرت ، لەکاتێکدا پێش ئەوە بە گروتینێکی زۆرەوە هاتنە پێشەوە .
ئەمەوێت لێرەوە پەیامێکم بۆیان هەبێت ، تۆیەک کە ئەمڕۆ خەڵک پارەت پێ ئەدات لەپێناو ئەو تۆزە عیلمەی کە پێتە ، سبەی کەس حسابت بۆ ناکات و ڕەنگە ناوت بە شێوازێک کاڵ ببێتەوە کە ئەسڵەن بپرسن فڵان کەس کێیە ؟
تاکە شتێک لە دونیای مەعریفە و لە هزری خەڵکدا بوونی بمێنێ ئەوەیە کە چ خزمەتێکت بێبەرامبەر کرد ؟ یاخود چ ئامانجێکی دڵسۆزانەت هەبوو بە بێ بەرژەوەندی ؟
وە لێرەوە بە خەڵکی ئەزیزی شارەکەی ڕائەگەیەنم ، سولی وۆرکز وەک یەکەم کۆمپانیا بۆ دەستخستنی هەلی کار بێبەرامبەر بەردەوام دەبێت و هەموو هەوڵ و کۆششمان بۆ ئەوە ئەبێت کار لەسەر میشکی ئەو گەنجانە بکەین کە لە سۆشیاڵ میدیا مێشکیان ئەشۆرێتەوە لەلایەن هەنێ بەرژەوەندیخوازی ماددیەوە ، دەفع ئەکرێن و هەر لە شوێنی خۆشیانن .
پێشەوا جەزا ؛
خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سولی وۆرکز - پێشەوا گروپ